کۆنگرەی نەتەوەیی کورد: ئەندامێکمان لە هەولێر کوژراوە

964+
ژووری هەواڵ

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کە بە نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەناسرێت دەڵێت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەندامێکیان لەناو ئۆفیسەکەیاندا کوژراوە.

ئۆفیسەکەیان دەکەوێت گەڕەکی حەی شورتە لە هەولێر.

هیوای سەید سەلیم ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە 964ـی وت، “پیاوێکی 40 بۆ 45 ساڵانەی خەڵکی باکوری کوردستان بەناوی (دەنیز) کە مامۆستای زمانی لاتینیە و ساڵێکە هاتووەتە لامان لە ئۆفیسەکەماندا کوژراوە”.

“ئەو ئەندامەمان ئەمڕۆ بە تەنیا لە ئۆفیسەکە بووە، کەسێک لە دەرگای داوە، کە بۆی کردووەتەوە بە دەمانچە کوشتوویەتی و رایکردووە”، هیوای سەید سەلیم وای وت.

ئەو ئاماژەی بەوە کرد، “ئەمە هێرش نییە بەڵکو رووداوێکی تیرۆرستیە”.

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) لە 1999 هەوڵێکی کوردانی عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا بوو بۆ بەستنی کۆنگرەی چوار پارچە لەپێناو هەماهەنگی حزب و لایەنە کوردییەکان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە یەکخستنیاندا.