بەهای دۆلار بەرزتر بووەتەوە
بانکی ناوەندی رێژەیەکی زیاتری دۆلاری خستە بازاڕەوە
964+
فەهمی نەبی
ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی ناوەندی عێراق بڕی زیاتر لە 198 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە کە ئەو بڕە زیاتر لەو بڕەی دوێنێ خستوویەتیە بازاڕەوە، بەڵام هێشتا نرخی دۆلار زیاتر بەرزتر بووەتەوە.
بۆ ئەمڕۆ بانکی ناوەندی 198 ملیۆن و 266 هەزار و 464 دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە کە لەو رێژەیە 24 ملیۆن و 820 هەزار دۆلاری بەشێوەی نەقدی بووە.
دوێنێ یەکشەممە بانکی ناوەندی 197 ملیۆن و 538 هەزار و 76 دۆلاری خستبووە بازاڕ، لەو رێژەیە 25 ملیۆن و 610 هەزار دۆلاری بەشێوەی نەقدی بووە.
بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ 728 هەزار و 388 دۆلاری زیاتر خستووەتە بازاڕەوە.
ئەمڕۆ نرخی دۆلار لەکاتی کردنەوەی لەبازاڕی فرۆشتنی دۆلار لە هەولێر و سلێمانی بۆ هەر 100دۆلارێک 156 هەزار و 500 دینار بوو، بەڵام لەکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بە 157 هەزار و 500 دینارە.