قوەجەویە باش خۆی ئامادە نەکردووە بۆ یاریەکەی سیپاهان ئەسفەهان

964+

هێژا خەسرەو ـ هەولێر

هەردوو یانەی قوەجەویەی عێراقی و سیپاهان ئەسفەهانی ئێرانی لە گەڕی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەرامبەر یەکتر یاریدەکەن.

یارییەکە سبەی دووشەممە کاتژمێر 7:00ـی ئێوارە لە یاریگای فرانسۆ هەریری تایبەت بە یانەی هەولێر بە سیستەمی ڤارەوە بەڕێوەدەچێت.

هەردوو یانە پێش دەستپێکردنی یارییەکە کۆنگرەی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا، ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەری قوەجەویە رایگەیاند، تیپەکەمان ئامادەنییە بە تەواوی، لەبەرامبەردا یانە ئێرانییەکە زۆر باش ئامادەیە و کەمپی مەشق و راهێنانیشی لە رووسیا بە باشی کۆتایی پێهێناوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە ئەرکەکانمان بە باشی بەڕێوەدەبەین

وتیشی، درەنگ گەیشتنەوەی یاریزانە پیشەگەرەکان کێشەی بۆ درووستکردوون و کاریگەرییان لەسەر درووستدەکات، ئەوان کار دەکەن بۆ ئەوەی یاریگا بقۆزنەوە و یارییەکە ببەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت لە سەرەتاوە ئەنجامی باشیان هەبێت، هەرچەندە پێکانی شەریف کازم گورزێکی کوشندەیە و هەوڵدەدەن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە.

بۆ یارییەکەش بلیت نرخەکەی 10 هەزار دینارە و هاندەرانی یانەی هەولێریش وەک پاڵپشتییەک بۆ یانەی جەویە 100 بلیتیان کڕیوە و بە خۆڕایی بەسەر ئەو هاندەرانە دابەشی دەکەن کە لە بەغداوە بۆ بینینی یارییەکە دێنە هەولێر.

پێداچوونەوە: توانا نەقی