تورکیا دارەکانی سنووری ئامێدی دەبڕێتەوە
964+
هەژین فەتاح – دهۆک
چەند رۆژێکە ڤیدیۆی بڕینەوەی دارەکانی سنووری ئامێدی لەلایەن سوپای تورکیا بڵاوبووەتەوە، دوای بەدواداچوونی 964 دەرکەوت ئەو دارانەی بڕاونەتەوە لە هەریەکە لە گوندەکانی ناوچەی شیلادزێ، دێرەلوک، کانی ماسی و چەمانکێ بووە.
رزگار عوبێید، بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ بە 964ی وت، “بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیاوە لە گەلی باڵندەوە رێگە گیراوە و سوپای تورکیا ماوەی ساڵێکە دەستیکردووە بە بڕینی دارەکانی ئەو ناوچەیە، جگە لەوە، لە ناوچەکە دەیان کانزا هەن و لەوانەیە تورکیا دەستکاری ئەو کانزایانەی کردبێت و زیانێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندبێت”.
بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ ئەوەشی وت، “پێویست بوو لیژنەیەک سەردانی ناوچەکە بکەن و ئەو زیانانە دیاریبکەن کە بەر ژینگەی ناوچەکە کەوتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەیەکی قەدەغەیە کەس نەیتوانیوە بچێتە ناوچەکە”.
964 قسەی لەگەڵ رێبەر سادق بەرێوەبەری ناحیەی دێرەلوک کردووە ئەو دەڵێت، تەنیا داری ئەو ناوچانانە بڕاون کە ئاوەدان نین.
لە سنوری ناحیەی شێلادزێ 83 قەدەغەی هاتوچۆی لەسەرە، لەو ژمارەیە 75 گوندییان هاوڵاتیانی رێکانی لێی دەژیان و هەشت گوندیان هاوڵاتیانی دۆسکی لێ دەژیان، لە ناحیەی دێرەلوکیش لەکۆی 56 گوند تەنیا 16 گوند ئاوەدانە و 40 گوندیان ئاوەدان نین بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیاوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی