دوو رۆژە تەرمی مامۆستا ئارام لەناو ئاوێکی بەخووڕدایە
964+
ژووری هەواڵ
دوو رۆژە گەنجێکی 28 ساڵە کە پیشەی مامۆستایە لە ئاوی گوندی بۆد لە سنوری قەزای کۆیە خنکاوە و هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
ئەگەرچی له رێگهى چهندین تیم و بهلهمهوه، گهڕان بهدوایدا بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرەداوێک نەبووە.
لەوبارەیەوە، زانا بهكر بەرپرسی تیمی مەلەوانیی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی به 964ـى وت، “لە دوێنێ 6ـی بەیانیەوە خەریکی گەڕانین، بەڵام ئاوەکە خووڕە و تەرمەکەش تازەیە، پشت بە خوا دەیدۆزینەوە”.
وتیشی، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە لەسەر بڕیاری قایمقامیەتی دوکان ئاوەکە کەمکراوەتەوە تاوەکو ئارام بدۆزرێتەوە.
ئارام محەمەد ناوی گەنجە خنکاوەکەیە و خەڵکی شاری سلێمانیە، مامۆستای وانەبێژ بووە له سنوورى قهزاى پێنجوێن.
بە پێی دوایین ئاماری كه دهست 964 كهوتووه، لە سهرهتاى ئەمساڵهوه تا ئێستا 80 حاڵەتی خنکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.