تۆپی دەستی سلێمانی تووشی شکستێکی گەورە بوو

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە خولی تۆپی دەستی یانەکانی عێراق، یانەی سلێمانی بە ئەنجامێکی گەورە بەرامبەر بە کەرخ تووشی شکستێکی گەورە بووە.

لە شاری بەغدا دووەم رۆژی رکابەرییەکانی خولی تۆپی دەستی یانەکانی عێراق بەڕێوەچوو، یانەی سلێمانی وەک تاکە نوێنەری یانەکانی هەرێمی کوردستان لە دووەم یاری خۆی لە کۆمەڵەی سێیەم رووبەڕووی یانەی کەرخ بووە.

یانەی سلێمانی لە خولی ئەمساڵدا بەبێ هیچ یاریزانێکی پیشەگەر بەشداری ململانێکانی کردووە، هەربۆیە لەبەرامبەر یانەی کەرخی بەهێز نەیتوانی رکابەری بکات و بە ئەنجامێکی قورس و بە 55 گۆڵ بەرامبەربە 23 گۆڵ تووشی دووەم شکستی لەسەریەک هات.

کەمال عەبدولواحید راهێنەری یانەی سلێمانی بە 964ـی وت، بوونی تۆپی دەستی یانەی سلێمانی لە خولەکەدا گەورەییە و هەوڵ بۆ ئەنجامی باشتر دەدەن.

وتیشی، گشت یاریزانانی تیپەکەی لە ئاستی لاوانن و بەبێ هیچ یاریزانێکی پیشەگەریش یاری دەکەن، ئەوەش وا دەکات بەهۆی کەم ئەزمونییەوە یاریزانەکان لە یارییەکاندا هەڵەی زۆر بکەن.

دوای تەواوبوونی رکابەرییەکانی دووەم رۆژی خولەکە، یانەی سلێمانی بە دوو شکست پلەی پێنجەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە، بڕیاریشە سبەی کاتژمێر یەک لە سێیەم یاری خۆیدا، تیپی تۆپی دەستی یانەی سلێمانی رووبەڕووی سامەرا ببێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

لە خولی تۆپی دەستی عێراق یانەی سلێمانی تووشی شکست هات

لە خولی تۆپی دەستی عێراق یانەی سلێمانی تووشی شکست هات