راستی دەستدرێژیکردنە سەر چەند قوتابیەک لە قەڵادزێ ئاشکرابوو
964+
ژووری هەواڵ
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەستدرێژی سێکسی بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە بۆ سەر چەند کوڕە منداڵێک لە قەڵادزێ، 964 لە رێگەی زیاتر لە سەرچاوەیەکەوە دەستی بە ساغکردنەوە کرد، دەرکەوت بابەتەکە راستە.
ئەوەی بۆمان ساغکراوەتەوە
باری دەروونی یەکێک لە قوتابیەکان کە تەمەنی 14 ساڵە بەرەو ناجێگیری رۆیشتووە، خێزانەکەی لێیان کۆڵیوەتەوە و ئەویش دانیپێداناوە کە لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە قەڵادزێ، دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر، ماوەیەک لەمەوبەر دایک و باوکی منداڵەکە سکاڵای یاساییان لەلای ئاسایش تۆمارکردووە. هاوکات، روونبووەتەوە کە هەمان بەڕێوەبەر دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر دوو قوتابی دیکە و پێشبینی دەکرێت ژمارەیان زیاتریش بێت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی راپەڕین ئەو زانیاریانەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، “بەڵێ روویداوە، بەڵام [بەڕێوەبەرە پیاوەکە] ئەو کارەی لە ماڵەوە ئەنجامداوە نەک قوتابخانەکەی”.
سەرچاوەیەکی باڵای دیکەی کارگێڕی لە قەزای پشدەر بە 964ـی وت، “رووداوی دەستدرێژی سێکسی بەڕێوەبەرێک بۆ سەر چەند منداڵێک بنەمای هەیە”.
964 پەیوەندی بە مەحموود حسێن بەڕێوەبەری پەروەردەی قەڵادزێ کرد، ئەو وتی، “منیش بیستوومە، بەڵام لەوبارەیەوە هێشتا هیچ لێدوانێکی فەرمیمان نییە”.
ئەگەرچی چەند جارێک هەوڵماندا لە رێگەی ئاسایش و پۆلیسی دەڤەرەکەوە لەسەر ئەو کەیسە زانیاری وەربگرین، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.
964 دەزانێت، ئەو بەڕێوەبەرە هەڵاتووە و دەستگیرنەکراوە.