لە خولی تۆپی دەستی عێراق یانەی سلێمانی تووشی شکست هات

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە دەستپێکی خولی تۆپی دەستی یانەکانی عێراق، یانەی سلێمانی بەرامبەر بە زیقار تووشی شکست هات.

بە بەشداری 18 یانە کە دابەشی سەر سێ کۆمەڵە کراون، لە شاری بەغدا یارییەکانی وەرزی 2023 – 2024 خولی تۆپی دەستی یانەکانی عێراق دەستی پێکرد، لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەم و لە هۆڵی کەرخ یانەی سلێمانی رووبەڕووی زیقار بووەوە، بۆ ئەم خولە یانەی سلێمانی جیاواز لە یانەکانی تر بەبێ هیچ یاریزانێکی پیشەگەر بەشداری کردووە و گشت یاریزانەکانیان لە فێرگەی یانەکەوە سەرخراون و یاری دەکەن.

هەر لە سەرەتای یارییەکەوە یاریزانانی تیپی زیقار توانیان سوود لە کەم ئەزموونی یاریزانانی سلێمانی وەرگرن و دواجاریش یانەی زیقار یارییەکەیان بە جیاوازی 11 گۆڵ و بە ئەنجامی 30 گۆڵ بەرامبەر بە 19 گۆڵ لە سوودی خۆیان یەکلایی کردەوە و یانەی سلێمانی لە خولەکەدا تووشی یەکەم شکست بوو.

ئاوات ئەحمەد یاریدەدەری راهێنەری یانەی سلێمانی لە شاری بەغداوە بە 964ـی وت، پێکهاتەی تیپەکەیان لە یاریزانانی لاو و کەم ئەزموون پێکهاتوون و بەشێکی زۆریان یەکەم جاریانە بەشداری خولێکی گەورەی لەم شێوەیە دەکەن.

وتیشی، بڕیاربوو یاریزانێکی پیشەگەری ئێرانی یاری بۆ تیپەکەیان بکات، بەڵام بەهۆی کێشەیەک لە دەستبەرداربوونەکەیەوە نەتوانرا ئەو بۆندە بکرێت.
بڕیارە سبەی شەممە لە رۆژی دووەمی خولەکە یانەی سلێمانی لە دووەم یاری خۆیدا بەرامبەر بە کەرخ یاری بکات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

سێشەممەی داهاتوو دەستپێکی وەرزی نوێی تۆپی دەستی یانەک...

سێشەممەی داهاتوو دەستپێکی وەرزی نوێی تۆپی دەستی یانەکانی عێراقە