سۆران عومەر وا دەڵێت
“بۆیە گەشبینین چونکە لایەنە سیاسیەکان بە داواکارییەکانی هەرێم رازین”
964+
فەهمی نەبی
لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو لێدوانی جیاواز لەبارەی ئەو بڕیارەی رۆژی یەکشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دراوە، دەوترێت بەغدا ئەم مانگە دوو موچە بەیەکەوە دەنێرێت، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، گەشبینییەکان ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسیەکان پاڵپشتی داواکانی هەرێم بوونە و گۆڕانکاری هەیە.
ئەمڕۆ هەینی سۆران عومەر سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ 964 قسەیکردووە و دەڵێت، بەغدا پێشنیازی ئەوە بوو سێ مانگ بەسەریەکەوە 500 ملیار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام شاندی هەرێم وتویانە تا سەری ساڵ مانگانە 800 ملیارمان بۆ بنێرن، بۆ پێشنیازەکەی هەرێم رۆژی یەکشەممە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردەدات.
بەوتەی سۆران عومەر، “ئەگەر یەکشەممە بڕیار بدەن پێویستە موچەی مانگی 7 و 8 بەیەکەوە بنێرن و هەرێم داوای ئەوەی کردووە، بەڵام چاوەڕێین بزانین بەڵێنەکەیان دەبەنەسەر”.
هەرێم داوایکردووە ترلیۆنێک و 100 ملیار دینار بنێردرێت بۆ هەر مانگێک و وتوویانە 300 ملیاری داهاتی ناوخۆ ببڕن و 800 ملیارمان بۆ بنێرن تەنانەت ئەگەر بە قەرزیش بێت، سۆران عومەر وای وت.
لەبارەی گەشبینیان بەو گۆڕانکارییانەی لە بەغدا روویانداوە سۆران عومەر دەڵێت، “لەو کۆبوونەوانەی دوێنێ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کردمان، هەستمانکرد گۆڕانکاری زۆر روویداوە و گەشبینین، چونکە لایەنە سیاسیەکان بەداواکانی هەرێم رازین”.
رۆژی پێنجشەممە وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق و چەندین لایەنی سیاسی کۆبوونەوە، درەنگانی شەوی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕێی رۆژی یەکشەممەن و گەشبینن.