تا پارتی و یەکێتی کۆ نەبنەوە پەرلەمانی کوردستان دانیشتن ناکات
فراکسیۆنی پارتی؛ لەبەر بەرژەوەندی گشتی نامانەوێت تاک لایەنە بڕیار بدەین
+964
فەرمان سادق
دوو هەفتەیە پەرلەمانی کوردستان هیچ دانیشتنێکی نەکردووە. هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتییش دان بەوەدا دەنێن کە هۆکاری دانەنیشتنی پەرلەمان پەیوەندارە بە ناکۆکییەکانی نێوانیان، پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێ؛ دەتوانین نیساب تەواو بکەین بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گشتی نامانەوێت تاک لایەنە بڕیار بدەین.
عوسمان كریم سوارە حمد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێ؛ ئاشکرایە دانەنیشتنی پەرلەمان پەیوەندارە بەو دۆخە ناسەقامگیرە سیاسییەی لە کوردستان هەیە کاریەگەری کردۆتەسەر دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش.
زیاتر وتی “وەک فراکسیۆنی سەوز راستەوخۆ هیچمان پێ نەوتراوە بەڵام کێشە سیاسییەکان بەشێوەیەک کەڵەکە بووە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی گرتۆتەوە، بەو ئومێدەین کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانیش دەستپێ بکاتەوە، بە رێککەوتن لەنێوان یەکێتی و پارتی چارەسەری کێشەکان بکرێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، ئاماژەی بە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان پارتی و یەکێتی کردو دەڵێ؛ لەماوەی نزیکی داهاتوودا کۆبوونەوەکە دەکرێت.
بایکۆتی رانەگەیەنراوی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هۆکاری سەرەکی دانەنیشتنی پەرلەمانی کوردستانە، ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت بە زۆرینەی سادە دانیشتنەکانی پەرلەمان درێژە پێبدات، بەڵام لەیلا عەبدولجەبار ئاکرەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ؛ نامەنەوێت وەها کۆبوونەوەیەک بکەین.
پێدەچێ ئەم هەفتەیەش وەک هەفتەی رابردوو، پەرلەمانی کوردستان کۆنەبێتەوە، بەمەش ئەگەری هەیە تا کۆتایی ئەو مانگەو ئەمساڵ، هیچ دانیشتنێکی دیکە نەکات.
لەیلا عەبدولجەبار، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە +964ـی راگەیاند؛ هەر کێشەیەکی سیاسی لەناوخۆی کوردستان بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی، کاریگەری لەسەر دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دادەنێت، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێ بکەنەوە.
لەبارەی ئەوەی کە فراکسیۆنی پارتی دەتوانێت زۆرینەی سادەی پەرلەمان دابین بکات، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێ؛ لەگەڵ یەکێتی لە حکومەت و پەرلەمان هاوبەشین، بۆیە تەقدیری یەکتری دەکەین تا دەگەین بە دەرئەنجامێک.
زیاتر وتی “ئەگەر مەسەلە نیساب بێت، دەتوانین نیساب تەواو بکەین بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گشتی نامانەوێت تاک لایەنە بڕیار بدەین، بۆیە چاوەڕوانی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتیین”.
هەوڵەکان بەردەوامە بۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بەتایبەت دوای گۆڕینەوەی نامەو بروسکە لەنێوان هەردوو حزب، دەنگۆی ئەوە هەبوو داوای گەڕانەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا کۆببنەوە، بەڵام تائێستا ئەو زانیارییە هەر دەنگۆیەو هیچ لایەکیان پشتراستی نەکردۆتەوە.