چوار کەرت دەگرێتەوە

حکومەتی هەرێم و دامەزراوەی دارایی واژۆی رێککەوتنێکان کرد

964+
ئەحمەد مستەفا

رێککەوتننامەیەکی هاوکاری لە نێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، کە کەرتەکانی “کشتوکاڵ، پیشەسازی، ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان و وزەی نوێبووەوە” دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13.9.2023 محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان و خەواجە ئافتاب ئەحمەد، سەرۆکی شاندنی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری هەرێمیی دامەزراوەکە واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی “پەرەپێدانی هەماهەنگی و ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتیی کە ئەندامی بانکی نێودەوڵەتییە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان” کردووە.

دواتر بە ئامادەیی، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەکە واژۆکرا، کە “ئەو رێککەوتنە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکە کە بۆ ماوەی چوار ساڵە و دەرفەتی ئەوە دەرەخسێنێت، وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات بە دیاریکراویش لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان و وزەی نوێبووەوە”.