وێستگەی سەرەکی سووتەمەنی دوزخورماتوو تا کاتێکی نادیار داخرا

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

وێستگەی سەرەکی دابەشکردنی سووتەمەنی لە دوزخورماتوو تاکاتێکی نادیار داخرا.

رۆژانە نزیکەی سێ هەزار لیتر بەنزین لە وێستگەی دابەشکردنی بەشی سووتەمەنی قەزای دوزخورماتوو دیار نامێنی و بەڕێوەبەری وێستگەی دابەشکردنی سووتەمەنی قەزاکەی تووشی شۆک کردووە و دەڵێت سەرمان سووڕماوە لە دیار نەمانی ئەو بڕە سووتەمەنییە.

بۆیە ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەری بەشی وێستگەکەوە بەنزینخانەکە داخراوە.

حەسەن مەهدی بەڕێوەبەری بەشی سووتەمەنی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، ماوەی 10 رۆژە، رۆژانە نزیکەی سێ هەزار لیتر بەنزین لە وێستگەکەیان دیارنامێنێت و کەم دەکات لەو بەشەی کە بۆیان دێت.

وتیشی، ئەوان نیگەرانن لەوەی کە دوو جار بەڕێوەبەرایەتی هەردوو بەشی سووتەمەنی پارێزگای سەڵاحەدین و کەرکوکیان لێ ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام هیچ کامیان بەدەم داواکاریەکەیانەوە نەهاتوون.

“بڕیارماندا بە داخستنی وێستگەی دابەشکردنی سووتەمەنی قەزاکە، گومانمان وایە  لەژێر زەوی وێستگەکەوە بۆری بەشی گواستنەوەی بەنزینەکە شکابێت و بچێتە ژێر زەوی، بۆیە تاوەکو چارەسەری ئەو دۆخەیان بۆ نەکرێت بەداخراوی دەمێنێتەوە و سووتەمەنی لێ دابەش ناکرێت”، حەسەن مەهدی وای وت.

لە سنوری قەزای دوزخورماتوو دوو وێستگەی سەرەکی دابەشکردنی سووتەمەنی حکومی هەیە، لەگەڵ حەوت وێستگەی ئەهلیدا

پێداچوونەوە: توانا نەقی