دوو داواکارییان هەیە
دانیشتووانی گوندی تەلان رێگای پاڵاوگەیەکیان داخست
964+
رێژوان مامە قادر
دانیشتوانی گوندی تەلان لەسەر رێگای دوکان – سلێمانی، رێگای گوندەکەیان بەڕووی شۆفێری پاڵاوگەی تەلان داخست و ناهێڵن هیچ بارهەڵگرێک بچێتە ناو پاڵاوگەکە.
964 لە دانیشتووانی گوندەکەوە زانیویەتی، “ئەوان داوای دامەزراندن لە کۆمپانیاکە دەکەن و دەشیانەوێت ئەو شۆفێرانەی تانکەریان هەیە و دانیشتوانی گوندەکەن، لە پاڵاوگەکە کاریان پێبدرێت”.
جارێکی دیکە رێگەی بالیسان بەرووی بارهەڵگرەکاندا داخرا
ئەمڕۆ سێشەممە، رێکەوت سالم، نوێنەری ئەو هاوڵاتیانەیە کە رێگاکەیان داخستووە، ئەو بە 964ی وت، “ساڵانێکە داوا دەکەن لەو 120 کارمەندەی لە پاڵاوگەکە هەیە لانیکەم 30 بۆ 40 کەسیان خەڵکی گوندەکەیان بن، بەڵام تا ئێستا 18 کەسیان دامەزراندووە”.
تەنیا چوار خاوەن تانکەر کە دانیشتووی گوندەکە لە پاڵاوگەکە کاریان پێدراوە، بە وتەی رێکەوت سالم بێت، “ئێستا ناهێڵن ئەوانیش کار لە پاڵاوگەکە بکەن”، بەوتەی ئەو نوێنەرەیان بێت، “پلانیان وایە لە سبەینێوە رێگا نادەن کارمەندەکانیش بچنە ناو پاڵاوگەکە، تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان ناهێڵن کار بکەن”.
گوندی تەلان دەکەوێتە سنووری جوگرافی قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی، رێگای پاڵاوگەکەش بە ناو گوندەکەدا تێدەپەڕێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا