ناڕهزایی دروست كردووه
قوتابخانە تهمهن 101 ساڵییەکەی زاخۆ دەکرێتە پارک
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
کۆنترین قوتابخانەی زاخۆ دەکرێتە پارکێکی گەشتیاری و راوەستانی ئۆتومبێل، ئەمەش ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە.
قوتابخانەی بۆتان، دەکەوێتە سەنتەری بازاڕی زاخۆ، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1922 کە یەکەم قوتابخانەی زاخۆ بووه و سهرهتاش خوێندن بە زمانی عەرەبی تێیدا خوێندراوه، ئێستا ئیدارەی زاخۆ بڕیاریداوە بکرێتە پارکێکی گشتی و ژێرەوەی پارکەکەش بکرێتە شوێنی راوەستاندنی ئوتومبێل.
بڕیاری تێكدانى ئەم قوتابخانە دەنگدانەوە و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و نووسەران و چالاکوانانی شاری زاخۆى بەدوای خۆیدا هێناوە، چونكه دهڵێن، ئەم قوتابخانەیە لە رووی کولتووری و شوێنەوارەوە، ناسنامەی زاخۆیە.
رەعد عومەر، چالاکوانێکی دیاری شاری زاخۆیە بە 964ـى وت، “ئەگەر مەبەستیان کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ناو بازاڕ بێت، زۆر شوێنی دیکە هەن بکرێنە پارکی گشتی و ئۆتومبێل، داواكارین ئیدارهى زاخۆ بیر لە شتێکی دیکە بکاتەوە نهك خراپکردنی ئهو قوتابخانەیە”.
شوێنەوارێکی تەمەن 1200 ساڵە لە زاخۆ نۆژەندەکرێتەوە
لای خۆیهوه، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کونگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، “هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە خراپکردنی ئەم قوتابخانەیە تەنیا بە مەبەستی خزمەتی گشتییە و دەکەینە پارکێکی پشوودان بۆ خەڵک و ژێرەوەی پارکەکەش دەکەینە پارکی ئوتومبێل”.
ئاماژهى بهوەش كرد، ئهوان ئهو كاره دهكهن بۆ ئەوەی قەرەباڵغی ناو بازاڕ لە ئۆتومبێلەکان نەمێنێت و لە جیاتی ئەوەی لەسەر جادە بوەستن، بچنە ناو پارکەکە و نەفەسێکی زیاتر لە ناو بازاڕ دروست دەبێت.
964 بەدواداچوونی زیاترى بۆ ئهو بابهته كرد، كه ئایا هیچ جێگرهوهیهكی دیكه ههیه بۆ خراپنەکردنی ئهم قوتابخانەیە؟
سەعید رەزڤان، مێژوونووسێكی خەڵکی زاخۆ بە 964 وت، زۆر بژارەی دیکە لە بەردەم ئەواندا هەیە، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ شێوازی جارانی قوتابخانەکە، كه پێشتر بچووک بووه، دەتوانن به نۆژهنكردنهوهى به بچوكى جارانى بیهێڵنهوه و دەوروبەری قوتابخانەکەش بکەن بە پارک.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن