شوانێکی تەمەن 12 ساڵ لە نزیک هەولێر خنکا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، شوانێک لەکاتی پێدانی ئاو بە مەڕەکانی لە نزیک گوندی دووزتەپەی شاری هەولێر، دەکەوێتە نێو ئاو و بەوهۆیەوە دەخنکێت.
شوانەکە تەمەنی 12 ساڵە و نزیک کاتژمێر 8:00ـی بەیانی مەڕەکانی بردووەتە سەر حەوزێک تا ئاویان پێبدات، بەڵام لەو کاتەدا پێی خزاوە و کەوتووەتە نێو ئاوەکە و خنکاوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە 964ـی راگەیاند، ئەو حەوزەی کە منداڵەکەی تێدا خنکاوە پێشتر ماسی تێدا بەخێوکراوە، ئێستا ئاوی تێدا گلدەدرێتەوە و کشتوکاڵیشی لەبەر دەکرێت.
“شوانەکە رۆژانە مەڕەکانی بردووەتە سەر ئەو حەوزە کە ئاوی تێدا گلدراوەتەوە، بۆ پێدانی ئاو، ئەمڕۆش وەک هەمان رۆژانی پێشوو چووەتە سەر ئەو گۆمە”، ئەو سەرچاوەیە وای وت.
تەرمی شوانەکە لەلایەن تیمەکانی سەر بە بەرگری شارستانی هەولێر دەرهێندراوە.