لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی سەرکەوتنێکی دیکەیان تۆمارکرد

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

تیپی تۆپی پێی لاوانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە خولی عێراق سەرکەوتنێکی دیکەیان تۆمارکرد.

یارییەکانی گەڕی هەشتی قۆناغی کۆمەڵەکانی خولی تۆپی پێی لاوانی یانەکانی عێراق ئەنجامدرا، یانەی پێشمەرگە لەسەر یاریگای خۆی میوانداری یانەی سامەرای کرد، تایمی یەکەم و لە خولەکی 10 یانەی میوان لە رێگەی نەجدەت ئەحمەدەوە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.

تەنیا دوای نۆ خولەک لەو گۆڵە ئیدریس عەزیز گۆڵی یەکسان بوونەوەی بۆ پێشمەرگە تۆمارکردەوە، هەرچەندە لە خولەکی 28 ناوبژیوان پەناڵتییەکی بۆ یانەی خاوەن یاریگا هەژمارکرد، بەڵام یاد بەختیار نەیتوانی بەسەرکەوتوویی جێبەجێی بکات.

لە خولەکی 31 هەمان یاریزان توانی بۆ پێشمەرگە دوو هێندە لێبکات، سەرەتای تایمی دووەم یاریزانانی سامەرا باشتر دەرکەوتن و لە خولەکانی 46 و 66 دوو گۆڵیان لە رێگەی عەلی عەبدولکەریم و ئەمیر عەزیزەوە تۆماکرد و لە ئەنجامەکەدا پێشکەوتن.

پێشمەرگە کۆڵی نەدا و لە چارەکی کۆتایی یارییەکە دوو گۆڵی تریان تۆمارکرد، سەرەتا یاد بەختیار گۆڵی دووەمی خۆی و یەکسان بونەوەی تۆمارکرد و لە کاتی زیادکراویشدا خۆژی شکور گۆڵی چوارەم و بردنەوەی بەخشی بە تیپەکەی و یارییەکەش بە چوار گۆڵ بەرامبەربە سێ گۆڵ لە سوودی پێشمەرگە کۆتایی هات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی