هۆکارەکەی بزانە
شووتی ئەمساڵ تامی خۆش نەبوو
964+
ئەحمەد مستەفا
وەک ساڵان خەڵک هاواری تامی خۆشی شووتیان نەکرد، کە میوەیەکی خۆشخۆری شەوانی هاوینە، بە گوێرەی سۆراغی 964، دوو هۆکار کاریگەریان هەبووە لەسەر کەم تامی شووتیی ئەمساڵ.
مامەڵەی بازرگان و جوتیارەکان
شووتی یەکێکە لە میوە بەتامەکان و لەوەرزی هاویندا بە گشتی خواستێکی زۆری لەسەرە، جگە لە تام و چێژەکەشی سوودێکی زۆری هەیە لە رووی تەندروستیەوە، کە بڕێکی زۆر مادەی “لایکۆبینی” تێدایە، کە دەبێتە هۆی پاراستنی لەش لە بەرزبوونەوەی رێژەی کۆلیستڕۆڵ، هەروەک بەهۆی بوونی رێژەیەکی زۆری ڤیتامین هۆکارێکە بۆ پاراستنی دڵ و خوێنبەرەکان لە نەخۆشی.
لە کوردستان شووتی هەریەک لە ناوچەکانی پێنجوێن، پردێ و شارەزوور ناوبانگی هەیە بەڵام بێ گلەیی تێنەپەڕی، ئەوەتا لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا نرخی شووتی لە 650 دینار تا 800 دینار فرۆشرا، ئێستا بە 250 دینار بۆ 300 دینارە.
تۆڕی 964 بەدواداچوونی کرد، ئەمڕۆ یەکشەممە 10.9.2023 بەکر عەلی، جوتیار بە 964ی وت، “بازرگانەکان کاتێک دەچن بۆ کڕینی رووبەرێکی شووتی، تا تەواو بڕکەکەی وشک نەکات و شوتییەکە قەبارەی گەورەتر نەبێت لێی ناکەنەوە”.
بەو پێیەش بێت، ئەگەر پێویست بکات ئەمڕۆ شووتیەکە لێبکرێتەوە و بخرێتە بازاڕەوە، “کەچی بازرگانەکە 10 رۆژ دوای دەخات”، ئەو جوتیارە ئەوەشی وت، “شووتی تا ناو سوور بێت و رەگەکەی تەڕ بێت، تامی خۆشە، لەو وادەیە بترازێ تامەکەی لەدەستدەدات”.
باج لەسەر شووتیی هاوردە دادەندرێت
هۆشیاری زانستیی جوتیاران
ئەو جوتیارە یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، هەندێک لە کێڵگەکانی شووتی ئاوێکی زۆر دراون، کە ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر لەدەستدانی تامەکەی، بەراورد بەو ناوچانەی وشکترن، شووتیەکەیان تامی خۆشتر دەرچووە.
پزیشکێکی پسپۆری خۆراک، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ی وت، “ئەو شووتیەی بە سروشتی بەرهەم دێت، شووتیەکی زبرە و لە ناوەوەش ناوەڕاستی شووتیەکە تێک ناچێت، بە پێچەوانەی ئەوانەی هۆرمۆناتی زۆریان پێ دەدرێ و سوورییەکی ناسروشییان هەیە”.
ئەو پزیشکە کە لێکۆڵینەوەی کردووە لە جینات و پێکهاتەی شووتی، باسی لەوە کرد، “لەم گومانانەدا تەڕ و وشک پێکەوە سووتاون، رەنگە هەر تەنیا 60%ـی شووتیەکان زیاد لە پێویست دەرمانی تێدا بەکارهێنرا بێت، لە کاتێکدا شووتی سروشتی و تەندروستیشی تێدایە”.