پەروەردەی هەرێم هاتە دەنگ

لە ماوەی 11 ساڵدا رێژەی نەخوێندەواری لە دهۆک 9% دابەزیوە

964+

پێشەوا محەمەد

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەسەر ئامارێکی نەخوێندەواری لە پارێزگای دهۆک بەرامبەر بەغدا هاتەدەنگ و دەڵێت، لە 11 ساڵدا لە دهۆک بە رێژەی 9% نەخوێندەواری کەمیکردووە.

ئەمڕۆ شەممە کەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، پارێزگای دهۆکی وەک دووەم پارێزگای عێراق ناوبرد لە رێژەی نەخوێندەواریدا بە 18%.

لە بەرامبەردا کەمێک پێش ئێستا سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “ئەو قسەیە شیکاری و بەراوردکاری بۆ نەکراوە”.

وتەبێژەکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ئاشكرای کردووە، ساڵی 2012 رێژەی نەخوێندەواری لە دهۆک 27.2% بووە، ساڵی 2018 بۆ 23.2% دابەزیوە و ساڵی 2021ـیش بووە بە 18.7%.

لە راگەیەندراوەکەی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمدا ئاماژە بەوەش کراوە، پارێزگای دهۆک دووەم پارێزگایە لە دوای هەولێر، کە بەرزترین رێژەی قوتابی قۆناغی یەکی بنەڕەتی تێدا تۆمار کراوە و دووەم پارێزگاشە کە زۆرترین قوتابی هەرێمی کوردستانی تێدا کۆبووەتەوە.