فرانک هوگەربیتس بەناوبانگترین پسپۆڕی بوومەلەرزەزانە. فۆتۆ: سۆشیال میدیا
زانا هۆڵەندییەکە ئەمجارەش پێشبینییەکەی راست دەرچوو
964+
ژووری هەواڵ
زانا هۆڵەندییەکە پێش چەند رۆژێک پێشبینی کرد بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە نێوان رۆژانی 5 بۆ 7 ئەیلول رووبدات، ئەمجارەش پێشبینییەکەی هاتە دی و تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوەی پێشبینی کردبوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر مەغریبی هەژاند و ئەوەی تائێستا راگەیەندراوە مەزەندە دەکرێت نزیکەی هەزار کەس گیانیان لەدەست دابێت.
فرانک هوگەربیتس بەناوبانگترین پسپۆڕی بوومەلەرزەزانە، بە تایبەتی دوای ئەوەی پێشبینییەکەی بۆ بوومەلەرزەکەی تورکیا لە 6ی شوباتی رابردوو پێکای، ئەو بوومەلەرزەیەی سەروو پەنجا هەزار کەس تێیدا گیانیان لەدەست دا.
رۆژی چواری ئەم مانگە فرانک لەسەر پلاتفۆڕمی ئێکس (توویتەری جاران) نووسی: هاوتای دوو هەسارەی ئەتارد و زوهرە لەگەڵ هاوتای دوو مانگی موشتەری و ئۆرانۆس لەیەک نزیک دەبنەوە و لە 6ی ئەیلول یەکگرتنێکی دیکە لەگەل عەتارد و زوحەل روودەدات، پێشبینی دەکەم بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە نێوان 5 بۆ 7ی ئەیلول رووبدات.
پێش دوو هەفتەش ئەم زانایە لەسەر یوتیوب وتبووی بەهۆی هاوتەریببوونی زەوی لەگەڵ مەریخ و نیبتۆن، پێشبینی دەکەم بوومەلەرەزەیەکی بەهێز رووبدات کە گوڕەکەی بگاتە 8 پلەی رێختەر، هەروەها وتبووشی پێشبینی دەکەم ئەم بوومەلەرزەیە لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو یان چەند هەفتەی داهاتوو رووبدات.
ئەمە دووەم جارە پێشبینییەکانی فرانک هوگەربیتس بەو وردییە دەیپێکێت، هەرچەندە زۆربەی هەرە زۆری زاناکان دەڵێن هیچ رێگایەک نییە پێشبینی روودانی بوومەلەرزەی پێ بکرێت.