مامۆستا سه‌ركه‌وتووه‌كان خه‌ڵات ده‌كرێن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لە کۆتایی ساڵی خوێندن وەک چۆن قوتابی و خوێندکارە یەکەمەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی خەڵات دەکرێن، مامۆستایانی سه‌ركه‌وتووش خه‌ڵات ده‌كرێن و ستراتیژیه‌تی نوێی راهێنانی مامۆستایانیش جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

ئالان حه‌مه‌سه‌عید له‌ په‌یجی وه‌زاره‌ت بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ رێوڕه‌سمێكی تایبەتدا له‌ كۆتایی ساڵی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە ئەو مامۆستایانەی ناوەندەکانی خوێندن کە نیشانەی +A ( نایابی باڵا) وەردەگرن، لە پاش هەڵسەنگاندنی کۆتاییان لەلایەن مامۆستای راهێنەرەوە لە چوارچێوەی (ستراتیژیی راهێنانی مامۆستایان 2023 – 2030) خەڵات دەکرێن و قەڵغانی رێزلێنانی وەزارەتی پەروەردە وه‌رده‌گرن.
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ده‌ڵێت، میکانیزمێک دادەندرێت کە پاداشتی ئەدا پێشکەش بە ژمارەیەک لەو مامۆستایانە دەکرێت، کە ئاستی هەرەباڵای (نایاب) بەدەست دەهێنن، جیا لە رێز و سوپاسی فەرمی
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، ئەو مامۆستایانەی کە ئاستی (نایاب) واتا نیشانەی A وەردەگرن، سوپاسنامەی فەرمی وەزارەتی پەروەردەیان پێدەدرێت.

ستراتیژی نوێی راهێنانی مامۆستایان پرۆژەیەکی هەمیشەییە و تەنیا لە حەوت ساڵدا کورت ناکرێتەوە، حەوت ساڵی یەکەمی ستراتیژەکە بۆ چەند بوارێکی دیاریکراوە و پاشان بەردەوامیی دەبێت لە چەند بوارێکی دیکەی جیاوازدا، وێڕای بەردەوامبوونی بابەتی دیداکتیک کە راهێنانێکی هەمیشەیی دەبێت.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ده‌ڵێت، پاش چەند ساڵێکی دیکە، جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژە وه‌چەرخان لە سیستمی پەروەردە و فێرکاری لە کوردستان دروست دەکات، بۆئەوەی سیستمی پەروەردە باشتر بکرێت، وێرای مافەکانی دیکەی مامۆستایان، پرۆسەی توانادارکردن و تواناسازکردنی مامۆستایان، بناغەی پەروەردەی باشه‌.