بەشێک لە موختارەکانی سەیدسادق ناچارکران پارەی سەرژمێری بۆ خەڵک بگەرێننەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
چەند موختارێک لە سەیدسادق لە کاتی سەرژمێری بڕی هەزار دینار یان زیاتریان لە خەڵک وەرگرتووە، قایمقامی شارەکە بڕیاریدا سەرجەمی ئەو پارەی وەرگیراوە بۆ ئەو هاوڵاتیانە بگەڕێندرێتەوە.
بۆ ئەو سەرژمێرییە، رەزگەنامە و کارتی زانیاری و نیشتمانی لەهەر هاوڵاتیەک وەرگیراوە، یان لەبەرامبەر پڕکردنەوەی فۆڕم و کۆپیکردنی بەڵگەنامەکان بڕی یەک هەزار دینار یان زیاتر وەرگیراوە.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 7.9.2023 رەزا محەمەد، قایمقامی سەیدسادق بە 964ی وت، لە رێگەی خەڵکەوە بەو کارەی موختارەکانیان زانیوە، ئەمرۆ لیژنەیەکیان لە ئیدارەی قەزاکە پێکهێناوە، کە ئەو بڕە پارەیەی وەرگیراوە دەبێت، بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بگەڕێندرێتەوە و ئاسایش لە کارەکە ئاگادارکراوەتەوە تا لێکۆڵینەوە بکەن.
وتیشی، “ئاگاداری دانیشتوانی قەزاکەمان دەکەین، هەرکەس و گروپێک سەردانی ماڵەکانیان کردن بەبێ نوسراوی فەرمی و بێ ئاگاداری ئێمە، هیچ بڕە پارەیەک نەدەن و بە زوویی ئێمەی لێ ئاگاداربکەنەوە، رێگە بەو کارانە نادەین”.