وەرگرتنەوەی پێشینە لە کەفیل هەڵوەشێنرایەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە لە کەفیل هەڵوەشێنرایەوە.

لە نوسراوێکدا کە واژووی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە و رۆژی 3.9.2023 دەرچووە، ئەوە هاتووە کە بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەی رێنمایی ژمارە 9ـی ساڵی 2023 تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە لە دەستبەر (کەفیل).

وەزارەتی دارایی دەشڵێت، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە رەچاوکردنی دۆخی ئێستای هاوڵاتیان و فەرمانبەران ئەو بڕیارە دراوە.

لە رێکەوتی 21.8.2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند گۆڕانکاری لە گەڕاندنەوەی قەرزی پێشینەی خانووبەرە و هاوژینی دەکرێت و هیچ کەفیلێک ناچار ناکرێت بە گەڕاندنەوەی قەرز تاوەکو میکانیزمێکی نوێ دادەنرێت.

“گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت، بەجۆرێک رەچاوی دۆخی دارایی هاوڵاتییان بکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستێتی گوشار و بارگرانی لەسەر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت و میکانیزمی پێشوو لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت”، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەت وای وت.