قامیشەکانیش

ئەڵوەن چڵکاو خواردوویەتی

964+
راژان باجەلان – خانەقین

رووباری ئەڵوەن کە بە ناودارترین شوێنی قەزای خانەقین دەناسرێت بووەتە زۆنگاو و لەبری ئاوی پاک چڵکاوێکی زۆری تێدا نیشتووەتەوە.

بە درێژایی رووبارەکە لە دیوی خانەقینەوە قامیشی بەرز هەن و ناهێڵن گەڕەکەکانی ئاغا و خەلیفە و جەلەوە، کە دەکەونە سەر رووبارەکە ئاوەکە ببینن.

بەشێک لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە باس لەوە دەکەن لە بێ خزمەتیدا ئەڵوەن وای بەسەر هاتووە.

ئەم دیاردەیە یەکەمین جار نییە رووبدات و ساڵانی پێشووش گەیشتە رادەیەک کە تیمە خۆبەخشەکان بە دەست و داسەکانیان بڕێکیان لەو قامیشانە پاک کردەوە، کەمی ئاوەکە و قامیشەکان لەم کاتانەی ساڵدا دەبنە هۆی گۆڕینی ئاوەکە بۆ چڵکاوێکی مەنگ.

سەربەست برزۆ چالاکوانێکی شاری خانەقینە و بە 964ـی وت، “دڵم تەنگ دەبێت کە ئەڵوەن ئاوا دەبینم و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان لەسەر چاو و گوێی خۆیان داناوە سەرەڕای ئەوەی ئێستا ئاوەکە کەمە و باشترین دەرفەتە بۆ پاککردنەوەی رێڕەوەکە ، ئەگەر ئاواش بڕوات ناچار دەبین دووبارە وەک چالاکوانان هەڵمەتێکی تری پاککردنەوە رابگەیەنین”.

لەوبارەیەوە، دلێر سایە قایمقامی خانەقین بە 964ـی وت، بەنیازن لە دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا سیاجێک بۆ رووباری ئەڵوەن بکەن، ئەو بەشەی دەکەوێتە زۆنی خانەقینەوە، لەوکاتەدا قامیشەکانیش لادەبەن و رووبارەکە پاک دەکەنەوە.