لیژنەیەکی شەش کەسی پێکهێنرا
بۆ خۆپیشاندان لە کەرکوک پێویستیت بە مۆڵەتە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لەمەوبەدوا هەر لایەنێک لە کەرکوک خۆپیشاندان بکات، دەبێت سەردانی ئەو لیژنەیە بکات کە لەلایەن هۆزە کوردی و عەرەبی و تورکمانەکانی ئەو شارە دروستکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆک هۆزەکانی پێکهاتەکانی کەرکوک بە ئامادەبوونی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک کۆبوونەوە، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی شەش کەسی لەسەرجەم پێکهاتەکان بۆ بەدواداچونی کێشە و گرفتەکانی شارەکە.
عوسمان ئاغای زەنگەنە سەرۆک هۆزی زەنگەنەیە بە 964ی وت، “ناوی ئەو لیژنە شەش کەسیە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت، بۆ ئەوەی فەرمانی وزاریان بۆ دەربچێت”.
بەوتەی سەرۆک هۆزی زەنگەنە، “کاری لیژنەکە ئەوەیە بەر لە ئەنجامدانی هەر خۆپیشاندانێک ئەو کەسانە دەبێت سەردانی لیژنەکە بکەن و کێشەکەیان بخەنە روو، دواتر لەگەڵ ئەو فەرمانگەیە قسە دەکرێت کە پەیوەندیدارە بە کێشەکە، ئەگەر چارەسەر نەکرا مۆڵەتیان بۆ وەردەگیرێت بۆ خۆپیشاندان”.
رۆژی 2ـی ئەیلوول بەشێک لە کوردەکانی کەرکوک لە گەڕەکی رەحیماواوە خۆپیشاندانیان کرد، داوایان کرد ئەو خێمانە لاببرێن کە خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان چەند رۆژێک بوو لەبەردەم بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كهركوك هەڵیاندابوو، لەو رۆژ و شەوەدا، بەهۆی گرژییەکانەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 15ـی دیکەش بریندار بوون.
عوسمان ئاغای زەنگەنە ئەوەش دەڵێت، “لە کۆبوونەوەکە داوای ئەوەمان کرد کار لەسەر رێگریکردنی هەڵگرتنی چەک بکرێت لەلایەن هاوڵاتیان”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی