مەخمور دوو رۆژ بێ ئاو دەبێت
964+
فەهمی نەبی
ماوەی دوو رۆژ قەزای مەخمور بێ ئاو دەبێت، بەڕێوەبەری ئاو دەڵێت، دەمانەوێت ئاوی مەخمور لەگەڵ کەمپی ئاوارەکانی باکوری کورستان لەیەکتری جیا بکەینەوە، دوو رۆژ خەزانەکانی ئاو دەگیرێنەوە.
غازی جەعفەر، بەڕێوەبەری ئاوی مەخمور بۆ 964 وتی، هۆکاری وەستانی ئاوی مەخمور بۆ لێکجیاکردنەوەی پڕۆژەی ئاوی مەخمور لەگەڵ کەمپی ئاوارەکانی باکوری کوردستانە “کەمپی شەهید رۆستەم جوودی”، پێشووتر کاتێک ئاومان بەردەدایەوە بۆ ئەوان، مەخمور بێ ئاو دەبوو، ئێستا بۆری ئاوی سەرەکیان بۆ جیادەکرێتەوە و لەمەوبەدوا هەرلایەکمان ئاوی خۆمان دەبێت.
بەوتەی بەڕێوەبەری ئاوی مەخمور، کارکردن لە پڕۆژەکە لەماوەی دوو رۆژدا تەواو دەبێت و رەوشی پێدانی ئاو ئاسایی دەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی مەخمور زیاتر لە دوو هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە،
لەرێگەی سێ سەرچاوە ئاوی قەزاکە دابیندەکرێت، یەکێکیان لە سوڵتان عەبدوڵا راستەوخۆ بە بۆری 20 ئینجی دێتە مەخمور، یەکێکی دیکە لە حاجی عەلی دێتە باقرت و لەوێوە دێتە مەخمور، ئەوەی دیکە لەرێگەی چەند بیرێکە لە گاوەرە بەڵام پشتی پێ نابەسترێت.
غازی جەعفەر دەڵێت، ئاوی ژێر زەوی مەخمور بەکەڵکی خواردنەوە نایەت، بۆیە دەبێت پشت بە سەرچاوەی دیکە ببەستین.
مەخمور لە ساڵی 1927 بووەتە قەزا، لە هەولێرەوە 65 کیلۆ مەتر دوورە و لە پارێزگای موسڵ 60 کیلۆمەتر.