دیمەننێکی مەرزی سازان.وێنە:سۆشیال میدیا
مەرزی سازان دەکرێتەوە
964+
محەمەد عومەر-هەڵەبجە
سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندیدا لەسەر کردنەوەی مەرزی سازان لە پارێزگای هەڵەبجە
مەرزی سازان دەکەوێتە گوندی سازانی پارێزگای هەڵەبجە کە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێراندا و پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە.
کاوە شێخ عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە 964ـی وت، کەمێک پێش ئێستە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند بە فەرمی بڕیاردرا لەسەر کردنەوەی مەرزی سازان لە پارێزگای هەڵەبجە کە پاش رێکارەکانی وەرگرتنی رەزامەندی لە حکومەتی هەرێم پێویست بوو حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر بدات.
وتیشی، مەرزی سازان گرنگترن و نزیکترین مەرز دەبێت لە نێوان هەرێم و ئێران کە پارێزگای کرماشان و قەزاکانی پاوە و جوانڕۆ دەبەستێتەوە بە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانەوە.
بڕیارە پاش رەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستبکرێت بە رێکارەکانی کردنەوەی مەرزەکە، ئەمەش بوژاندەنەوەیەکی بەهێز دەبێت بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە مەودای نێوان پارێزگای هەڵەبجە و کرماشان دەبێتە 170 کیلۆمەتر و پێشبینی دەکرێت بەنزیکەی دوو کاتژمێر لە هەڵەبجەوە بگەیتە پارێزگای کرماشان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی