پاڵەوانێکی کورد لە ناسریەوە خۆی ئامادە دەکات بۆ خولی عێراق
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
پاڵەوانێکی کوردی یاری تۆپی سەرمێز لە شاری ناسریە ئامادەکاری بۆ خولی عێراق دەکات.
سەیوان جەمال یاریزانی تۆپی سەرمێزی یانەی گازی باشور لە شاری ناسریە چووەتە کەمپێکی مەشق و راهێنانەوە، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ قۆناغی کۆتایی خولی یانە پلە نایابەکانی عێراق.
سەیوان جەمال بە 964ـی وت، وەک یاریزانێکی کوردی ریزی یانەی گازی باشور لە شاری ناسریە چوونەتە کەمپێکی مەشق و راهێنانانەوە کە ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت.
وتیشی، لە قۆناغی یەکەمی خولەکەدا پێنج یارییان ئەنجامداوە و لە گشت یارییەکاندا سەرکەوتوبوون، لە قۆناغی کۆتایی ئەرکیان قورسترە بۆیە ئامادەکاری باشیان کردووە.
بەبەشداری 12 یانە قۆناغی یەکەمی خولی تۆپی سەرمێزی یانەکانی عێراق لە شاری نەجەف ئەنجامدرا و هەریەک لە یانەکانی سلێمانی و گازی باشور پلەی یەکەمی خولەکەیان گرتووە، بڕیاریشە قۆناغی دووەم رۆژی 14. 9. 2023 لە شاری هەولێر بەرێوەبچێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی