داواده‌كرێت “به‌په‌له” زه‌وییه‌كانى گوندى كۆرى تاپۆ بكرێن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
پارێزگارى هەولێر له‌نووسراوێكدا، ئاماژه به تاپۆكردنى زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری ده‌كات و ده‌ڵێت پێویسته به‌په‌له تاپۆ بکرێن.
گوندی کۆری، پڕۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبوونه به‌تایبه‌ت بۆ كرێچییه‌كان، لە ساڵی 2013 لە هەولێر دەست بە دروستكردنی كرا.
له‌سه‌رتاى پڕۆژه‌كه، ناوی پێنج هەزار كەس بە تیروپشك راگەیاندرا، هه‌ریه‌ك له‌وانه پێشەكی حەوت هەزار دۆلاریان دابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی پڕۆژەکە دواکەوت، تەنیا هەزار خانووی تەواو بوو.
به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، ئه‌وكات حكومەتی هه‌رێم، نەیتوانی 165 ملیۆن دۆلار بداتە وەبەرهێنەرەکە بۆ تەواوکردنی، بۆیە حەوت هەزار دۆلارەكەیان بۆ گەڕێندرایەوە، چوار هەزار و 200 كەسیش لە لایەن حكومەت پارچەیەك زەویان وەكوو قەرەبوو پێدرا.
بەپێی نووسراوێکی پارێزگای هەولێر کە واژۆی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێری بەسەرەوەیە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەولێر- یەک، کراوە و ئاماژە بەوەدراوە، كه کاری پێویست و بەپەلە ئەنجام بدرێت بۆ مەبەستی بەناوکردن (تملیک)ی ئه‌و زەویانه، کە بۆ خێزانی کەمدەرامەت تەرخانکراوە.