وێنەی کچانی کاراتێی پێشمەرگە.وێنە:سۆشیال میدیا
کچانی کاراتێی پێشمەرگەی سلێمانی لە ئێران ئاگر دەکەنەوە
+964
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتیی سکای، یاریزانانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە ئاستی کچاندا پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا.
لە شاری ئەردەبیلی ئێران و بە بەشداریی چوار یانە، رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتیی سکای نێودەوڵەتی بۆ یاریی کاراتێ بەڕێوەدەچێت، لە رۆژی یەکەمی رکابەرییەکانیشدا کچانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد و لە رکابەریی کاتا پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا و لەسەر ئاستی تاکی جۆری کۆمیتێش سێ یاریزانیان پلەی یەکەمیان مسۆگەر کرد.
ئەرسەلان مورادی سەرپەرشتیاری تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگە بە 964ـی وت، ساڵانە لە وڵاتی ئێران پاڵەوانیەتییە بەڕێوەدەچێت و ئەوانیش وەک یانەی پێشمەرگە بانگهێشت دەکرێن.
وتیشی، بەهۆی ئەوەی کە یانەی پێشمەرگە خاوەن یاریزانانی ئاستبەرزە، یاریزانەکانیان ئەنجامی گەورە بەدەست دەهێنن.
پاڵەوانیەتیی سکای نێودەوڵەتی بۆ یاریی کاراتێ لە رۆژی 30. 8 رکابەرییەکانی دەستیپێکردووە و تا 1. 9. 2023 بەردەوام دەبێت، لە رۆژی یەکەمی پاڵەوانیەتییەکەشدا، کە رکابەرییەکانی کچان بەڕێوەچوو، تیمی کاتای کچانی پێشمەرگە، کە پێکهاتبوون لە ئەوین ئامانج و ئایە ئومێد و نوا بابان، پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا، لە جۆری کۆمێتەش ئەنجامی یاریزانانی پێشمەرگە بەم شێوەیە بوو.
ئایە ئومێد لە کێشی 47 کیلۆگرام پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
رۆزا وریا لە کێشی 54 کیلۆگرام پلەی سێهەمی بەدەستهێنا
غەمگین ئەحمەد لە کێشی 55 کیلۆگرام پلەی سێهەمی بەدەستهێنا
لانە کامەران لە کێشی 61 کیلۆگرام پلەی سێهەمی بەدەستهێنا
سانا سەربەست لە کێشی 61 کیلۆگرام پلەی دووەمی بەدەستهێنا
چراخان جەعفەر لە کێشی 68 کیلۆگرام پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا