10حاڵەتی کۆلێرا لە سلێمانی دەستنیشانکرا

964+

فەهمی نەبی

تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری نەخۆش ئەوانەی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوەیان هەیە لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون و پشکنینی 10 کەسیان لەبەغداوە دەرچووە کە کۆلێرا بووە و هیچ کەسێک بەهۆی کۆلێراوە گیانی لەدەست نەداوە.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی وتی، پشکنین بۆ ژمارەیەکی زۆری نەخۆش کراوە و 10 لەو کەسانە نەخۆشی کۆلێرایان هەبووە و پشکنینیان دەرچووە، رۆژانە 100 نەخۆش زیاتر سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن کە سکچوون و رشانەوەیان هەیە.

د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی وت، “هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە ئاوی نا تەندروستە، تا بەشێوەیەکی تەندروست ئاو نەگات بە هاوڵاتیان، ناتوانرێت کۆلێرا کۆنتڕۆڵ بکەین، ئەو ئاوەی خەڵک بە تانکەر دەیکڕێت ئەوەیە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا”.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت، دەرمانی پێویست لە نەخۆشخانەکان هەیە بۆ چارەسەرکردن.

ماوەی چەند هەفتەیەکە، بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی رێنمایی تایبەت بە بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆلێرا بڵاودەکاتەوە، تەبدروستی سلێمانی دەڵێت.

دوێنێ چوارشەممە تیمێکی وەزارەتی تەندروستی گەیشتوتە نەخۆشخانەکانی سلێمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە هەبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشی کۆلێرا.

پێشتر لە راگەیاندراوێکدا، تەندروستی سلێمانی قەدەغەی کرد چیتر لە چێشتخانەکان سەوزە و ماستاو دابنرێن.