داواکاری گشتی هاتە سەر خەت
چیتر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی “جنۆکە دەرکردن” قەدەغەیە
964+
ژووری هەواڵ
بە بڕیاری داواکاری گشتی و لەسەر داوای وەزارەتی ئەوقاف، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی “جنۆکە دەرکردن” لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی قەدەغە دەکرێت.
پرۆسەی “جنۆکە دەرکردن” ئەوەیە کەسانێکی دەروون ماندوو دەچنە لای کەسانێکی دیکە کە خۆیان وەکو پیاوی ئایینی دەناسێنن و بە رێکاری تایبەت، جاری وا هەیە قورئان خوێندن و لێدان لەو کەسە، بانگەشەی ئەوە دەکەن جنۆکەیان لە جەستەیدا دەرهێنابێت.
لەناو خەڵکی ئیمانداردا، بە تایبەتی مسوڵمانەکان، جنۆکە جۆرە هەبوویەکە لە دەرەوەی توانای بینینی مرۆڤ، بڕوایان وایە ئەوانیش لەسەر زەوی دەژین.
نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، بڕیاری قەدەغەکردنەکە جدییە و پێشتریش دوو جار داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە لە بەرامبەر ئەو کەسانەی ئەو ڤیدیۆیانە بڵاودەکەنەوە رێکار بگرێتەبەر.
لە نووسراوەکەی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستاندا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف لە ناوچە جیاجیاکان ئاگادارکراونەتەوە، کە ئەگەر دیاردەی لەو جۆرەیان بینی ئەوا لایەنی بەرپرس ئاگادار بکەنەوە.
لە نووسراوەکەدا بە دیاریکراوی هاتووە، “بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی جنۆکە دەرکردن لە جەستەدا لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و پەیجی تایبەتی کەسانێک قەدەغە بکرێت”.
نەبەز ئیسماعیل بۆ 964 باسی لەوەشکرد، ئەوان لیستێکیان لەبەردەستدا نییە کە دیاربێت چەند کەس لە هەرێمی کوردستان خەریکی “جنۆکە دەرکردن” بن، بەڵام لە هەر شوێنێک هاوڵاتیان ئاگاداریان بکەنەوە، ئەمان رێکار دەگرنەبەر.
وتیشی، بەمزوانە رێکاری نوێی دیکە دەگرنەبەر، ئامانجیانە ئەو جۆرە بڵاوکردنەوانە کاریگەری نەرێنی نەکاتە سەر دۆخی خێزانی و کۆمەڵایەتی هەرێمەکە.