لە سیتەک 60 هەزار دۆنم زەوی زیادەڕۆیی کراوەتە سەر

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لە ناحیەی سیتەک زیاتر لە 60 هەزار دۆنم زەوی زیادەڕۆیی کراوەتەسەر و بەڕێوەبەری ناحیە دەڵێت، تەواو بوونی ماستەر پلانی ناوچەکە بەشێکی زۆری ئەم دیاردەیە چارەسەر دەکات.

فەرهاد ساڵح بەڕێوەبەری ناحیەی سیتەک بە 964ی وت، “لە سنوری ناحیەی سیتەک، نزیکەی 18 هەزار باخ و ڤێلا هەیە، بەپێی خەمڵاندنەکان زیاتر لە 60 هەزار دۆنم زەوی زیادەڕۆیی کراوەتەسەر، گەر بەم شێوە تێکەڵاویە بەردەوام بێت دوا ڕۆژێکی باشی نابێت”.

بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی سیتەک، نزیکەی چوار ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی ماستەر پلانێکن بۆ ئەو ناوچەیە، فەرهاد ساڵح دەڵێت، نۆ گوندی ئەوسنورە باخ و ڤێلای تیادا دروستکراوە، بەبێ گوێدانە ماستەرپلانی و بە هەڕەمەکی دروستیان کردووە.

بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیە ماستەر پلانی ناوچەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێندەکرێت، لەهەنگاوی یەکەم ناوەوەی گوندی سیتەک تەواو بووە و لە قۆناغی دووەم دوو هەزار و 400 دۆنم دەبێت کە نزیکەی هەزار ڤێلای دەبێت، لە تونێلی پێشڕەو بۆ رێگای ئەزمەڕ و لە قۆناغی سێیەم تەواوکارییەکەی دەبێت و دواتر فەرمانی تاپۆکردنی بۆ دەردەچێت.

بەڕێوەبەری ناحیەی سیتەک ئەوەش دەڵێت، بۆ هەر خاوەن باخێک فۆڕمێک پڕدەکرێتەوە، مەبەست لێی ڕێکخستنی ئەو ناوچەیە و کۆکردنەوەی زانیاریە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی