لە چاویلکەسازەوە بۆ سەگ

جێنا فیلیپس ناسراوترین سەگی سەر زەوی بناسە

964+

عادل کانەبی

ئەم کچە تەمەنی 22 ساڵە، خۆی بە سەگ دەشوبهێنێت و بەوەش ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار پەیدا دەکات.

جێنا چاویلکەساز بووە، لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت، وازی لەو کارەی هێناوە چونکە حەزی کردووە ببێت بە سەگ، تەنانەت دەڵێت، زۆر دەمێکە دەزانم سەگم، ئێستا دڵخۆشم کە بڕیارەکەم دا و بوومە سەگ.

لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی زوو زوو هەژمارەکانی ریپۆرت دەکرێن و رێی لێدەگیرێت خۆی نمایش بکات، کۆتا جار تیکتۆکەکەی نزیکەی 200 هەزار فۆڵۆوەری هەبووە و داخراوە.

جێنا خەڵکی تەکساسی ئەمریکایە، لە ماڵپەڕە تایبەتەکاندا خەڵکی بەکرێی دەگرن بۆ ئەوەی ببێتە سەگیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بە پارەیەکی زۆر، یان جاری وا هەیە تەنیا داوای ڤیدیۆی لێدەکرێت کە وەکو سەگ رەفتار بکات و ئەمەش هەر لە بەرامبەر پارەدا.

لەم ساڵانەی دواییدا، کەسانێک پەیدا بوون کە پەیداکردنی پارە هەموو شتێک دەکەن، تەحەدای سەیر و سەمەرە، خواردنی شتی نامۆ، تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل و خۆکردن بە سەوزە و میوە و سەگ و گورگ و شتی تریش.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی وا دەکەن؟

ئێمە بەدوایدا گەڕاین، بەشێک لەو کەسانە دەڵێن تەنیا لەبەر ناووناوبانگ، بەشێکیان دەڵێن لەبەر پارە، بەشێکیان بەڕاستی پێیانوایە مرۆڤ نین و بە هەڵە وەکو مرۆڤ لەدایکبوون.

داهێنانی ئینتەرنێت و پەلهاویشتنی سۆشیاڵ میدیا چیرۆکی نەبینراو و رووداوی نەبیستراوی خوڵقاندووە، هەر ئەمەیشە وایکردووە، بەشێک لە حکومەتەکان کەوتوونەتە خۆیان و یاسا و رێسای تووند بۆ چۆنێتی بەکارهێنانیان دەردەکەن، بەڵام شارەزایانی تەکنەلۆژی بۆچوونیان جیاوازە و دەڵێن، ئەوە خەیاڵپڵاویە و تازە هیچ کەسێک ناتوانێت رێ لە دیجیتاڵ میدیا و لێکەوتەکانی بگرێت.