گروپی کیژانی سلێمانی لە شانۆی رۆمانی دەبن

964+

پەرستۆ ساڵح

بڕیارە مانگی ئەیلول لە شانۆی رۆمانی سلێمانی فێستیڤاڵی گەلان بەڕێوەبچێت و گروپی کیژانی سلێمانیش بە گۆرانی و مۆسیقای فۆلکلۆری بەشداردەبن.

ئەنوەر قەرەداغی سەرپەرشتیاری گروپی کیژانی سلێمانی تایبەت بۆ 964 وتی، “هەندێک لەو بەرهەمانەی پێشکەشی دەکەین نوێیە، بەڵام پلانمان هەیە بۆ ساڵیادی دامەزراندنی گروپەکەمان 26.10.2023 ئاهەنگێک سازبکەین”.

گروپی کیژانی سلێمانی لە ساڵی 2023 دامەزراوە و پێکهاتووە لە 30 ئەندامی کچ لە مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژ، هەندێکیان گۆرانیبێژی دیارن وەک نیگار حەمە لاو، تا ئێستا چەندین کۆنسێرتیان لە شارەکانی کوردستان سازکردووە، بەڵام نەیانتوانیوە بەشداری هیچ فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی بکەن.

ئەنوەر قەرەداغی وتی، چەند جارێک بانگێشتکراوین بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی، بەڵام لەبەر نەبوونی پشتگیری نەمانتوانیوە بەشداری بکەین لەهەمانکاتدا من ناتوانم بەرپرسیاریەتی ئەو هەموو خاتوونە هەڵبگرم”.

گروپی کیژانی سلێمانی دواین کۆنسێرتیان لە 27.4.2023 لە شاری هەولێر بوو، پلانیشیان هەیە لە شارەکانی دیکەی وەک کەرکوک و هەڵەبجە و رانیە و گەرمیان ئەگەر سپۆنسەری بکرێن.