دەربەندیخان پێویستی بە سەنتەری ئۆتیزمی حکومیە

964+

توانا نەقی

دەربەندیخان بێ سەنەتەری حکومی راهێنانی ئۆتیزمە و لە ئێستادا هەوڵدەدرێت سەنتەرێکی حکومی لە قەزاکەدا بکرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سڵیمانی و قایمقایەتی دەربەندیخان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بە زووی ئەو سەنتەرە بکرێتەوە و چیتر توشبووانی ئۆتیزم پارەیەکی زۆریان بە سەنتەرە ئەهلییەکان نەڕوات.

لە قەزای دەربەندیخان دوو سەنتەری ئۆتیزم بوونی هەیە کە هەردووکیان ناحکومین و لە کۆی 80 حاڵەتی ئۆتیزم نزیکەی 30 کەسیان لەو سەنتەرانەدە راهێنان وەردەگرن.

سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، دوو زەوییان بۆ ئەو سەنتەرە دیاری کردووە بەڵام نازانن کەی دەستپێدەکرێت، یەکێک لە کێشەکان دانەمەزراندنی کارمەند و راهێنەرە بپی کە بە گرێبەستیش دامەزراندن نییە.

وتیشی، لە دەربەندیخان دوو سەنتەری ئەهلی هەیە بەڵام بەهۆی گرانی نرخیان کەسوکاری ئەو کەسانەی ئۆتیزمیان هەیە بە کەمی دەتوانن بیانبەنە ئەو سەنتەرانە.

لەو 80 کەسای ئۆتیزمیان هەیە بەهۆی نەبوونی توانای داراییەوە تەنیان 30 کەسێکیان دەتوانن بچنە سەنتەرەکان بۆیە بە کردنەوەی سەنتەرە حکومییەکە کێشەی کەسوکاری تووشبوانی ئۆتیزم لە قەزاکە چارەسەر دەبێت، قایمقامی دەربەندیخان وای وت.