لە 5ـی ئێوارەوە ئاگر کەوتووەتەوە

لە ئاگرەکەی سوورداشدا سێ کەس سووتاون

964+
دیلان محەمەد جەزا

سیروان ئەسعەد مامۆستای ئایینی مزگەوتی ناحیەی سوورداش بە 964ـی وت، بەهۆی ئاگرەکەوە سێ کەس سووتاون، یەکێکیان رەوانەی نەخۆشخانەی دوکان کراوە، دەست و قاچ و سنگی سووتاوە و وا رەوانەی سلێمانی دەکەن.

وتیشی، ئەو کەسە مەڕدار بووە و هەوڵیداوە ئاگرەکە بکوژێنێتەوە کەچی خۆی و ئەسپەکەشی سووتاون، هاوکات، دوو مانگای شوانێکیش سووتاون.

دوو کەسەکەی تر بە سووکی سووتاون و رەوانەی نەخۆشخانە نەکراون.

لە نزیک کاتژمێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاگر لە دۆڵی سوورداش کەوتووەتەوە لە سنوری قەزای دوکان، بەڵام هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

سیروان سەرحەد، قایمقامی دوکان بە 964ـی وت، هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە کە دۆڵی سوورداشی بەتەواوی گرتووەتەوە.

هەروەها ژمارەیەک کەرەڤانەی کەمپی ئاوارەکان سووتاون کە پێشتر تێیدا نیشتەجێبوون، بە وتەی قایمقام بێت، تیمەکانی بەرگری شارستانی دوکان و سلێمانی و خەلەکان و سوورداش لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان.

بەگوێرەی سۆراغی 964، ئاگرەکە بە هەردوو ئاڕاستەی دوکان و مێرگەپان تادێت تەشەنە دەسەنێت.