تەقەکەرەکەی چەمچەماڵ دەستگیرکرا

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەو کەسەی شەوی رابردوو لە ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ بە دەسترێژی گولـلە کەسێکی کوشت و پێنج کەسی دیکەشی بریندار کرد، دەستگیر کرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 8.8.2023، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، تەقەکەرەکە کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیان لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، دەستگیرکراوە.

شەوی رابردوو لە گەڕەکی قادرکەرەمییەکانی ناحیەی شۆڕشی چەمچەماڵ، شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا روویدا و شەش کەس برینداربوون.

نزیک کاتژمێر 11:00ـی شەو، محەمەد جوامێر یەکێک لە بریندارەکانی رووداوەکە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی کێشەی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە رووداوەکە روویداوە، یەکێک لە بنەماڵەکان چوونەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی دیکە و کەسێک دەستڕێژیی گولـلەی لە ماڵەکەیان کردووە.