بڕیارێکی نوێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی بەنزین دەرچوو

964+

فەرمان سادق

بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی بەنزین و دابەشکردنی بەسەر زۆرترین خاوەن ئۆتۆمبێل، بڕیاردرا هەر ئۆتۆمبێلێک 40 لیتر بەنزینی پێبدرێت.

سالار محەمەد رەمەزان، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون و دابەشکردنی بەنزین بە 964ـی وت، لە ئەمڕۆوە بڕیاری پێدانی 40 لیتر بەنزین یان 30 هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت، ئامانجیش لەمەدا ئەوەیە زۆرترین ئۆتۆمبێل بەنزینی پێبدرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، پشکی هەولێر لە بەنزینی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە 16 تانکەری 36 هەزار لیترییە کە دەکاتە 576 هەزار لیتر.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە 964ـی وت، مانگێک دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ئەگەری روودانی قەیرانی بەنزین ئاگادار کراوەتەوە و پێشنیازی ئەوەشیان بۆ کراوە یان سنوورەکان بکرێنەوە بۆ هاوردەکردنی بەنزین یانیش پشکی هەولێر زیاد بکرێت.

روونیشی کردەوە کە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی قەیرانی بەنزین و نۆرەگرتن بکرێت، هەولێر رۆژانە پێویستی بە 40 تانکەر بەنزینی 36 هەزار لیتری هەیە کە دەکاتە ملیۆنێک و 440 هەزار لیتر.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر وتیشی “وەزارەت چەند رۆژێکە سنوورەکانی کردۆتەوە بۆ هاوردەکردنی بەنزین، ئێستا کۆمپانیاکان سەرقاڵی خۆتۆمار کردنن لە وەزارەت بۆ هێنانی بەنزینی بازرگانی”.

قەیرانی بەنزین ماوەی ماوەی 10 رۆژ زیاترە لە هەولێر سەریهەڵداوەتەوە و نەخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرمال بۆ سەرووی هەزار دینار بەرز بووەتەوە، ئەمەش وایکرد جارێکی تر نۆرە گرتن بۆ بەنزینی حکومی سەرهەڵبداتەوە.