بڕەکەی یەک تۆن و 600 کیلۆیە
ئەو کاهوەی سەرچاوەی بەکتریای مەعیدە بوو دەستی بەسەردا گیرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە عەلوەی سلێمانی، دەستگیرا بەسەر زیاتر لە یەک تۆن و نیو کاهو، کە بە وتەی قایمقامیەتی سلێمانی شیاو نییە بۆ خواردن و جۆرە حەشەرەیەک لێیداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30.7.2023، عەتا محەمەد جێگری بەڕێوەبەری سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو کاهوە بڕەکەی یەک تۆن و 600 کیلۆگرامە و پاش پشکنین بۆمان دەرکەوت، کە جۆرە حەشەرەیەکی سەوز لێیداوە، کە هۆکاری سەرەکییە بۆ دروستبوونی بەکتریای گەدە.
“ئەو هاوڵاتیانەی کە کاهو دەکڕن، تکایە ناوەکەی بکەنەوە، چونکە هەندێکیان حەشەرەیەکی سەوزی تێدایە، کە زۆر بەدەگمەن دەبینرێت، ئەو حەشەرەیە یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی بەکتریای مەعیدە و هەوکردنی مەعیدە”، عەتا محەمەد وای وت.
بە وتەی عەتا محەمەد، ئەو کاهوەی دەستی بەسەردا گیراوە، لە سنوورەکانی مەرزی حاجی ئۆمەران و حکومەتی عێراقەوە هاوردە کراوە.