باڵەخانەی نەخۆشخانەی شەهید خالد گەرمیانی لە کفری. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
نەشتەرگەری بۆ نەخۆشخانەیەکی کفری گەڕایەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
دوو پزیشکی پسپۆڕی سڕکردن بۆ تەندروستیی گەرمیان دابینکران و بە دەستبەکاربوونیان دووبارە نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی کفری دەستپێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26.7.2023، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی فەرمانێکی دەرکردووە و دەڵێت، بڕیارمان دا بە دابینکردن و ناردنی د. ئەساور ئیسماعیل کەریم و د. شیلان عوسمان حەمەساڵح، کە هەردووکیان پزیشکی پسپۆڕی سڕکردنن، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان.
بە هاتنی ئەم پزیشکانە، لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید خالد گەرمیانی لە کفری و بە دەستبەکاربونیان نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانەکە دووبارە دەستپێدەکاتەوە، ئەمە وتەی د. سیروان محەمەد بەڕێوبەری تەندروستیی گەرمیانە بۆ 964.
د. سیروان محەمەد زیاتر وتی، ” بەهۆی ئەوەی پزیشکەکان بەشێکیان دەچنە دەرەوەی وڵات و بەشێکی دیکەشیان عەرەبن و دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ناوبەناو کێشەی کەمیی پزیشکمان بۆ دروست دەبێت”.