شوێنی مانەوەی “نوێترین پێغەمبەری جیهان” لە سلێمانیە
964+
دیلان محەمەد جەزا
نزیکەی کاتژمێرێکە بەڕێگاوەم بۆ گوندی سەرگەڵو لە سنوری پارێزگای سلێمانی. ئەم گوندە شوێنی مانەوەی نوێترین پێغەمبەری جیهانی لێیە.
بەپێی گێڕانەوەکان، میرزا حسێن نوری، کە بە بەهائوڵا ناسراو بووە و پێغەمبەری ئاینی بەهائیەکانە لە ئەشکەوتەکانی ئەم ناوچەیە ماوەتەوە.
ئایینی بەھائی نوێترە لە ئاینی ئیسلام، لە ساڵی 1853 بەھائوڵا ھاتووەتە گوندی سەرگەڵو، خۆی وەکو پێغەمبەر ناساندووە و بۆ شەش مانگ لە ئەشکەوتەکانی ناوچەکەدا ماوەتەوە.
بە قسەی پەیڕەوکەرانی ئایینەکە، بەھائوڵا سەرەتا لە ئێرانەوە نەفیکراوە بۆ بەغدا، پاشان هاتووەتە ئەم ناوچەیە.
بەھائی ئایینێکی عیرفانیە و بە قسەی شارەزایان، ژمارەی پەیڕەوکەرانی لە جیهاندا زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس دەبن.
مەریوان نەقشبەندی نەوەی شێخانی نەقشبەندی دەڵێت، بەهائوڵا لە پاش سەرگەڵو هاتووەتە سلێمانی و لە خانەقای مەولانا خالید ماوەتەوە.
پەیڕەوکەرانی باس لەوە دەکەن ئەم پێغەمبەرە لە سەرگەڵو ئایەتی بۆ دابەزیوە.
گوندی سەرگەڵو نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە، هەڵکەوتەی ناوچەکە شاخاوییە و 13 ئەشکەوت لەو ناوچەیەدا هەن.
شوێنەواری سلێمانی دەڵێت، لە ساڵی 2007 پەیڕەوانی ئاینی بەهائی سەردانیان کردوون و داوایان کردووە، ئەو ئەشکەوتەی پێغەمبەرەکەیانی لێ ماوەتەوە دیوارێکی بۆ بکرێت.
لە هەرێمی کوردستاندا پەیڕەوکەری ئایینەکانی ئیسلام، کریستیان، ئێزدی، کاکەیی، جوو، بەهائی، زەردەشتی و سابیئەی مەندایی هەن و بە فەرمی تۆمارکراون.
بۆ ئەم بابەتە رای ئاکۆ حەسەن بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانیمان وەرگرت و ئەو جەختیکردەوە، کە ئاین و ئایینزاکان ئازادن لە بەجێهێنانی ئەرکە ئایینیەکانی خۆیاندا.
تا ئێستا ئامارێکی ورد بەردەست نییە بۆ ژمارەی پەیڕەوکەرانی ئایینی بەهائی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی باس دەکرێت ژمارەیان زیاد لە پێنج هەزار کەس دەبێت.