کارەبا بەشی سۆران ناکات
+964
ئاسۆ وەرتی – سۆران
هەفتەیەکە کارەبای نیشتمانی لە سنووری ئیدارەی سۆران 12 کاتژمێر بە هاوڵاتیان دەدرێت، لە کاتێکدایە پلەی گەرما بەرزە و خواستی کارەبا زیاتر بووە .
بەهۆیەوە گوندنیشنانی دەڤەرەکانی برادۆست، باڵەکایەتی و قەزای مێرگەسوور بەهۆی نەبوونی مۆلیدەی ئەهلییەوە لە گوندەکان، بێ کارەبا ماونەتەوە.
وەفا سەیدخان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران، بە 964ـی وت، “ئێستا تەنیا 12 کاتژمێر دەتوانین کارەبا بدەینە هاوڵاتیان، کێشەکە گشتییە و کەمیی بەرهەمهێنانی کارەبامان هەیە.
وتیشی، ئەگەر کاتژمێرێک زیاتر کارەبا بدەینە گوندەکان، دەبێت لە هەقی شارەکان کەمبێتەوە، بۆیە ناتوانین ئیستا هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەی کارەبادا بکەین .
بە پێی خشتەی ئێستای پێدانی کارەبایی نیشمانی، 150 گوندی دەڤەری برادۆست شەوانە لە کاتژمێر 3:00 بەیانی بێ کارەبان، رۆژانەش کاتی گەرما بێ کارەبان، دۆخی گوندەکانی باڵەکایەتیش بە هەمان شێوەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا