ئەگەر بچیتە باخەکانی گۆپاڵە دەبێت رووناکی خۆت بەریت

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

باخەکانی شارۆچکەی گۆپاڵە لە سنووری قەزای بازیان بێ رووناکین و گڵۆپ و رووناککەرەوەکان شکێندراون و چاک نەکراونەوە.

شارۆچکەکە چوار باخی گەورەی تێدایە.

دیلان سیروان، چالاکی مەدەنی لە گۆپاڵە بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی نەبوونی رووناکییەوە شەوان ناتوانن بچنە باخەکان و کاتی تێدا بەسەر ببەن.

ئێستا شارەوانی پلانی چاککردنەوەی گڵۆپەکان و بەرزکردنەوەیانی هەیە.

ئاوارە لەتیف، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی گۆپاڵە بە 964ـی وت، “دەرخستەمان بۆ کردووە سێ ملیۆن دینارمان پێویستە بۆ چاککردنەوەی بەرزکردنەوەی رووناککەرەوەکان و چاوەڕێین بۆمان دابین بکرێت”.

سەرۆکی شارەوانی گۆپاڵە داوا لە دانیشتوانی شارەکە دەکات کەرەستە و موڵکی گشتی بپارێزن.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد