لە یەک مانگدا
لە سنوورەکانی هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان 16 کۆڵبەر کوژران و برینداربوون
964+
شۆڕش قادری
مانگی رابردوو 16 کۆڵبەر لە سنوورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژران و برینداربوون کە زۆربەیان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران پێکراون.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، “تەنیا لە مانگی ئابدا چوار کۆڵبەر لە سەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و 11ی دیکەش برینداربوون کە 86.6٪ی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوونەتە قوربانی”.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئێوارەی 18.8.2024 لە ناوچە سنوورییەکانی ھەورامان و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندەکانی ھانەیدن و سەرگەت، هێزەکانی پاسەوانی سنووریی عێراق تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی ئارام خەلیل تەمەن 27 ساڵ کرد و کوژرا.
هەر بەپێی ئامارەکەی هەنگاو، زۆرینەی ئەو کۆڵبەرانەی مانگی رابردوو بوونەتە قوربانی، لە سنوورەکانی پارێزگای سنە بووە کە 13 حاڵەت بووە.
ساڵانە بە دەیان کۆڵبەر لە سنوورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکوژرێن و بریندار دەبن، زۆربەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج.