كێشە بۆ سەرچاوەی ئاوەكەیان دروستدەكات

دانیشتوانی یەخی ماڵی نایانەوێت كارگەیەك لە ناوچەكەیان دروستبكرێت

 
+964

ئەحمەد مستەفا

دانیشتووانی گوندی یەخی ماڵی لە عەربەت، دروستکردنی کارگایەکی ئاسن لە سەر رووبەری گوندەکەیان بە مەترسی لەسەر وشکبوونی سەرچاوەی ئاوی گوندەکەیان دەزانن.

گوندی یەخی ماڵی لە ناحیەی عەربەت 18 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سلێمانی، ژمارەیان 73 خێزانن

ئەمرۆ چوارشەممە 12.7.2023، عومەر رۆستەم موختاری گوندی یەخی ماڵی بە 964ی وت، “11هەزار دۆنم زەوی گوندەکە کراوە بە ناوچەی پیشەسازی، بۆ هەر دۆنمێک 500هەزار وەک قەرەبوو دانراوە کە زۆرینەیان قەرەبووەکەیان وەرنەگرتووە”.

وتیشی، “ئێستا سەرچاوەی سەرەکی ئاوی گوندەکەمان کە هۆکاری بوژانەوەی 220 دۆنم زەوی باخ و کشتوکاڵی گوندەکەیە لە مەترسی پیسبوون و وشکبوون دایە”.

بەوتەی موختاری گوندەکە بێت، کۆمپانیایەک هاتووەتە سنورەکەیان کە کار بۆ دروستکردنی کارگەیەکی ئاسن دەکات، رووبەری زەوی کۆمپانیاکە دەکەوێتە ناو سەرچاوەی ئاوی گوندەکە، ئەمەش ترسی لەلای ئەوان دروستکردووە.

لەبارەی کێشەی ئەو هاوڵاتیانە، دابان محەمەد بەرێوەبەری ناحیەی عەربەت بە 964ی وت، “گوێ لە داواکاری ئەو هاوڵاتیانە دەگرین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین”.

لە چەمی تانجەڕۆ زیاتر لە 17 کارگە و پاڵاوگە کاردەکەن، لەبوارەکانی بەرهەمهێنانی بەنزین، قیری شل، ئاسن، بزمار و چەند بەرهەمێکی دیکە، کە دەکەونە سنورێکی فراوانی بەشی رۆژئاوای ناحیەی عەربەت.