ئەمساڵ وانەبێژی نوێ دانامەزرێن
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە ئەمساڵ وانەبێژی نوێ دانەمەزرێنێت و پەروەردەکان راسپێردراون بەو مامۆستایانەی هەیانە پڕۆسەکە بەڕێوەبەرن.
لە هەرێمی کوردستان 35 هەزار و 543 مامۆستای وانەبێژ بوونیان هەیە و ساڵانەش رێژەکە لە زیادبووندان، بەڵام ئەمساڵ بڕیار دراوە وانەبێژی نوێ لە قوتابخانەکان وەرنەگیرێن.
964 زانیویەتی، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوا گواستنەوەی مامۆستا و وانەبێژ لەنێوان دوو پەروەردەدا رێگەپێنەدراوە.
“دەبێت پەروەردەکان زیادە و کەمی مامۆستا و وانەبێژەکان رێکبخەنەوە، چونکە دامەزراندنی مامۆستای وانەبێژی نوێ راگیراوە و دەبێت بەو رێژە مامۆستایەی هەیە بەردەوامی بە خوێندن بدرێت”، ئەوە قسەی عومەر محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییە بۆ 964.
بڕیارەکە لە لایەن مامۆستایانی وانەبێژەوە رەخنەی لێدەگیرێت و دەڵێن، “سەرکەوتوو نابێت”.
عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم بە 964ـی وت، “ساڵانە قوتابخانە و قوتابی زیاد دەکەن و مامۆستایانیش خانەنشین دەبن، شوێنەکەیان چۆڵ دەبێت و پێویستیان بە جێگرەوەیە”.