لەسەر بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر تۆمەتبارێک لە گەرمیان دەستگیر کرا
964+
توانا نەقی
لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانەوە کەسێک دەستگیرکراوە بە تۆمەتی ئاڵودەبوون و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە.
پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، کەسەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئەو مادە هۆشبەرانەی لەلایەن کەسێکی ئێرانییەوە بۆ دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان.
لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا دەستگیراوە بەسەر بڕی 251 غرام مادەی هۆشبەر و کریستاڵ و حەبی قەدەغەکراو و کەرەستەی بەکارهێنانی مەدەکە و چەندین مادەی تر.
عەقید عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، تۆمەتبارەکە تەمەنی 49 ساڵە و خەڵکی گەرمیانە و پیشەی شۆفێری بارهەڵگرە.
وتیشی، ئەو کەسە لەگەڵ باندێکی دزیکردنیشدا بەشدار بووە و بەڵام بۆ بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر هەر خۆی بووە و کەسی تری لەگەڵ نییە.
عەقید عەلی جەمەل ئەوەشی وت، ئێستا مەترسییەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە هیچی کەمتر نییە لە مەترسییەکان و رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر بۆیە بە هەموو توانایان بەرنگاری ئەو بابەتە دەبنەوە و چاودێر دەبن بەسەر ئەو کەسانەوە.
تۆمەتبار بە پێی مادەی 30 بەکار هێنانی مادەی هۆشبەر و مادەی 443 یاسای سزادانی عێراقی لەسەر دزیکردن لەلایەن دادوەرەوە راگیراوە و بەندکراوە.