ئەمڕۆ لیوا هاوبەشەکان موچە وەردەگرن

وەزارەتی پێشمەرگە: موچەی کەس بەبێ ئامادەبوونی خۆی نەدرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە ئەمڕۆ بە پارەی هاوپەیمانان موچە وەردەگرن، هەموویان ئاگادار کراون بەبێ ئامادەبوونی خۆیان موچەیان پێنادرێت.

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بودجە و ژمیریاریی سەربازی، رۆژی شەممە ئەو ئاگادارییەی بۆ بانکەکان ناردووە و دەڵێت، “ئاگاداری سەرجەم یەکەکان دەکەینەوە لە پلەدار و پێشمەرگەکان لە کاتی وەرگرتنی موچەکانیان خۆیان ئامادە بن، بە پێچەوانەوە خۆی ئامادە نەبێی بانک موچەی پێ نادات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، عەقید ستار عەبدولکەریم بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بە 964ی راگەیاند، تەنیا بۆ حاڵەتی تایبەت بەبێ ئامادەبوونی کەسەکە موچەی پێدەدرێت، ئەویش دەبێت کەفیلێکی هەبێت.

ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، “پێویستە پێشمەرگەکان زانیارییەکان بە تەواوی لەسەر چەکی بانکی بنووسن”.

هاوپەیمانان 20 ملیۆن دۆلاریان خستووەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئەمڕۆ بەو پارەیە موچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دەدرێت.

ئەو پارەیە بۆ 13 لیوای وەزارەتی پێشمەرگەیە و نزیکەی 30 هەزار پێشمەرگە لێی سوودمەند دەبن.