ناحیە تاقانەکەی دەربەندیخان بنکەی ئاگر کوژێنەوەی نییە
964+
هونەر فارس – دەربەندیخان
نەبوونی بنکەی ئاگر کوژێنەوە لە ناحیەی باوەخۆشێن، گرفتی بۆ دانیشتووانی ناحیەکە دروستکردوە و زۆر کات لەکاتی کەوتنەوەی ئاگر،تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە درەنگ دەگەنە شوێنی رووداوەکە.
باوەخۆشێن تاکە ناحیەی سنووری قەزای دەربەندیخانە و لەساڵی 2008ـەوە بەفەرمی بووە بە ناحیە و رووبەرێکی فراوان لە دەشت و شاخی هەیە.
ناحیەکە نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای قەزای دەربەندیخانەوە و 135 ماڵ لەخۆ دەگرێت، بە کشتوکاڵ و بە ئاژەڵداریەوە خەریکن.
سلێمان محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان هۆکاری نەبوونی بنکەی ئاگر کوژێنەوە لە ناحیەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی.
قایمقام قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، لەرابردوودا لەسەر داوای بەڕێوەبەری ناحیەکە نووسراویان بۆ پارێزگای سلێمانی کردووە و سەردانی وەزارەتی ناوخۆیان کردووە بۆ کردنەوەی بنکەیەکی ئاگر کوژێنەوە.
ئەو باسی لەوەشکرد، بەڵێنیان پێدراوە بۆ کردنەوەی بنکەیەکی ئاگر کوژێنەوە لە ناحیەکە، بەڵام هێشتا بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی رەزامەندی بۆ نەداوە.
964 زانیویەتی لەکاتی رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە لە سنووری ناحیەکە، تیمەکانی بەرگری شارستانی دەربەندیخان بەهۆی دووری مەودایانەوە تا دەگەنە شوێنی رووداوەکە، ئاگرەکە زیانی زۆر بەو شوێنانە دەگەیەنێت کە ئاگرەکەی تێدا کەوتۆتەوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق