ئەمساڵ ئاستی ئاوی ژێر زەوی گەرمیان دڵخۆشکەرە
+964
هونەر فارس- گەرمیان
بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە گەرمیان زیادی کردووە، بە وتەی بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی گەرمیان.
ئەمساڵ لە چاو چەند ساڵی رابردوودا رێژەی باران بارین لە گەرمیان رووی لە بەرزبونەوە کرد، ئەمەش بووە هۆی زیاد بوونی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە سنورەکە و تا ئێستا مەترسی ئەوتۆی لەسەر نییە.
“ئەمساڵ لە قەزای کەلار 305 ملیم و لە قەزای کفری 362 ملیم باران باریوە، ئەو رێژەیە بۆ ساڵی پار لە کەلار تەنیا 112 ملیم و لەکفری 136 ملیم بوو”، ئەمە بەگوێرەی ئاماری هۆبەی کەشناسی کشتوکاڵی گەرمیان.
حامید جومعە، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی گەرمیان بۆ 964 وتی، ئاستی ئاوی بیرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە و تا ئەم ساتە هیچ مەترسیەک لەسەر ئاوی ژێر زەوی سنورەکە نییە.
ئەو بەشێک لە هۆکارەکانی کەم بوونەوەی ئاوی ژێر زەوی بۆ کەمی باران بارین و لێدانی بیر لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەگەڕێنێتەوە.
پێشیوایە، لە کاتی زیاد بوونی بڕی باران بارین هاوڵاتیان زیاتر ئاوی سەر زەوی بەکار دەهێنن و کەمتر پەنا بۆ ئاوی ژێر زەوی دەبەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی